لينكةكان
بةخيَربيَن بؤ مالَثةرِى زؤزان
       
        
لينكةكان
 

بورجه‌کان و قازانج له‌ ساویلکه‌یی

زۆرن ئەو کەسانەی باوەڕی تەواویان بە کاریگەری بورجەکان هەیە بەسەر ژیانی ئێستاو چارەنووس و پاشەڕۆژیانەوە. ئەم بڕوایە وای لێکردوون، بەبەردەوامی تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەو لاپەڕانەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان بن کە تایبەتن بە بەخت و بورجەکانەوە. ڕۆژنامەیەک یاخود گۆڤارێک ئەگەر گۆشەی تایبەت بە بورجەکانی تێدا نەبێت، نەک هەر بۆی ناگەڕێن و پەیدای ناکەن و نایکڕن، بەڵکو بەخۆڕایش دەستیان بکەوێت نایخوێننەوە.

گەردوونناسی وەک زانستێکی سەربەخۆ جێگەی خۆی لەنێو زانستە سروشتییەکاندا کردۆتەوەو ئەستێرەناسیش کە ئەمڕۆ بۆچوونێکی کۆنی نازانستییە، پەیوەندییەکی ئەوتۆ، بەگەردوونناسییەوە نایبەستێتەوەو بەدوو ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن. لەئەستێرەناسیدا: گوایە ئەستێرەو هەسارەو تەنە ئاسمانی و بورجە گەردوونییەکان، فەرمانڕەوایی بەسەر چارەنووسی مرۆڤ و ڕەوتی ژیان و تەنانەت ئایندەشیەوە دەکەن، دروست ئەو نوسراوانەیە کە سەبارەت بەبورجەکان لەڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا دەیانخوێنینەوە. بەڵام گەردوونناسی لە پێگەو جوڵەو پێکهاتەی ئەستێرەو هەسارەکان و شێوەکانیتری مادە ئاسمانییەکان، دەکۆڵێتەوەو ئەمڕۆ پشت بەمیتۆدو کەرەسەکانی زانستی فیزیای هاوچەرخ دەبەستێت.

ئەو نوسراوانەی لەگۆشەی بورجەکاندا بڵاو دەکرێنەوە ئەستێرەناسییە، کە لەچەند دێڕێکی گشتی دووبارەو چەندبارە تێناپەڕن و زادەی بیرکردنەوەی نوسەری ئەو دێڕانەن، کەسەکە بەپێی ویست و بەئارەزووی خۆی، چۆنی بۆ بێت و چۆنی پێ خۆش بێت، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە یان توێژینەوەیەکی وردی زانستی، بەڵکو بەپێی قسەوباسی زاری خەڵکی و ڕوداوەکانی ڕۆژ و کێشەو ئەندێشەکانی نەوەی گەنج (نەک گەورەو پیر ) ئەو بابەتانە هەڵدەبژێرێت و پێیوایە جێگای بایەخ و گرنگی پێدانی ئەوانە. لەئاکامی خوێندنەوەو بەدواداچوونی ئەو دەقانەدا، بێ دوودڵی و بێ سڵەمینەوە دەتوانین بڵێین: ناوەڕۆکی دەقی ئەو دێڕانە جگە سووکایەتی کردن و ڕابواردن بەعەقڵی خوێنەری گەنج و بەکەمزانینی ئاستی ڕوناکبیریی ئەو نەوەیە، هیچیتر نین و هەرگیز ناچنە نێو بابەتی مەعریفی هەمەڕەنگەوە تا بتوانن ئەندێشەی خوێنەر بۆ ساتێکی کەم زاخاو بدەنەوە هەروەها بابەتی کات بەسەربردن و بەزمەساتیش نین هەروەک بەرپرسانی ئەو گۆڤارو ڕۆژنامانە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوان دەڵێن بورجەکان خوێنەریان هەیە. یاخود دەڵێن: ئامانج لەبڵاوکردنەوەیان، وەڵامدانەوەی ئارەزوو یان داواکاری توێژێکی بەرفراوانی خوێنەرە. لێرەدا پێویستە بگوترێت: ئامانجی ڕاستەقینە تەنها وەربەرهێنانی ساویلکەیی خوێنەرە بۆ دەستکەوتنی زۆرترین قازانج کە لەبارە بازرگانییەکەیدا خۆی لە پڕفرۆشی گۆڤار یان ڕۆژنامەکەدا دەبینێتەوەو ئامانجێکی پیرۆز لەو هاوکێشەیەدا بەدی ناکرێت. بەڵام ئەو نوسینانە بۆ خوێنەریان هەیە؟ ئەو خوێنەرانەش بۆ باوەڕیان بەڕاستی ئەو قسانە هەیە کە بەناوی پێشبینی بورجەکانەوە بڵاودەکرێنەوە؟ لەوەڵامدا دەبێت ئەو حەقیقەتە سایکۆلۆژییەمان لەیاد نەچێت کە ئاراستەی عەقڵی مرۆڤایەتی، هەردەم بەلای گشتاندنی خێرادا دایشکاندووەو دایدەشکێنێت و خۆی بەنموونەیەکی کەم و دەگمەنی سەرکەوتووەوە دەبەستێتەوەو دەیکاتە پێوەر بەبێ زانین و لێکدانەوەی وردی پێشەکییەکان، بەدەرئەنجامەکان دەگات. ڕوونتر بڵێین: ئەنجامێک کە بەڕێکەوت ڕوویدا بێت دەیبەستێتەوە بەوهۆکارەوە کە هاوزەمان تێبینی کردووە بەبێ ئەوەی بەدوای پەیوەندی لۆژیکی نێوان ئەو هۆکارو ئەنجامەدا، گەڕابێت. گریمان کەسێک ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە نەخۆشە، بەڕێکەوت ڕۆژنامەیەکی هەفتەی ڕابردووی بەرچاو دەکەوێت و لەگۆشەی بورجەکەی خۆیدا دەیخوێنێتەوە: لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا نەخۆش دەکەویت. ئەگەر ئەم کەسە بەدوای هۆکاری ڕاستەقینەی نەخۆشییەکەیدا نەگەڕێت و سەردانی دکتۆر نەکات و هیچ پشکنینێکی پزیشکی ئەنجام نەدات، تەنها ئەو بڕوایەی هەبێت کە لەبورجەکەیدا هاتووە، بێگومان لەداهاتوودا بورجەکەی چی بۆ نووسی بێت هەرئەوە بە واقیعیی لەلای بەرجەستە دەبێت و بۆ لەشساغیش هەر دەبێت بورجەکەی چارەسەری بۆ بنوسێت و چاکی بکاتەوە. لەم بارە سایکۆلۆژییەی ئەو جۆرە کەسێتییانەدا، ئەو ئەزموونە دەبێتە پێوەر بۆ لێکدانەوەی لایەنەکانی تری جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی. ئەو کاریگەرییە بەسەر ئەو لایەنەوە ڕەنگدەداتەوەو هەتا ئەو کاتەی کەسەکە بڕوای وەها بێت و بەو شێوەیە بیر بکاتەوە.

شایانی باسە سەرچاوە زانستییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی مەعریفەی مرۆڤایەتی، ئاماژە بەوە دەدەن کە مرۆڤی دێرینی ناشارستانی، کە بەر لەدروسبوونی گوندو شارەکان، لەئەشکەوتەکاندا ژیانی گوزەراندووە، بەم شێوە سەرەتاییە چارەسەری کێشەکانی ڕۆژگاری خۆی کردووە.

Free Web Hosting