لينكةكان
بةخيَربيَن بؤ مالَثةرِى زؤزان
       
        
لينكةكان
 

ماندووبوونی ده‌روونی

فشار و تەنگەژە دەروونییەکان بە بەشێک لە ژیانى هەموو تاکێک دەژمێردرێت و ناتوانرێت ژینگەیەکى خاڵى ڕێکبخرێت دوور لە زەحمەتییە دەروونى یان جەستەییەکان. خەڵکى جیاوازن لە مامەڵە کردنیان لەگەڵ فشارە دەروونییەکان ، هەندێکیان کارەکە بەئاسان وەردەگرن و مامەڵەیەکى ڕاست و دروستى لەگەڵدا دەکەن، بەڵام هەندێکى تریان بە توندى و خوازیارییەکى زۆرەوە وەرى دەگرن و کاریگەرییەکى نێگەتیفیان لەسەر دروست دەکات بەهۆى خۆخستنە ناو هەلوێستەکەوە بەقوڵى، لەبەرامبەردا کەسانێکىتر بەهۆى خۆدوورگرتن سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

کۆلیژى پزیشکى لە زانکۆى واشنتن هەستا بەئەنجامدانى دراسەیەکى زانستى، تیایدا فشارە دەروونییەکانیان دابەشى چەند پلەیەک کرد لەسەر بناغەى کاریگەرییە نێگەتیفەکانیان لەسەر تەندروستى دەروونى و جەستەیى،بەرزترین پلەى فشار لەم پێوەرەدا بریتى بوو لە مردنى هاوسەر، پاشان تەڵاق، دواتر ژمارەیەک فشارى دەروونىتر وەک: ژنهێنان، نەخۆشى، ….

لەدراسەکەدا دەرکەوت تاکو ژمارەى فشار و ڕووداوەکان زۆرتربن لە ژیانى تاکێکدا ، زیاتر ئەگەرى توشبوونى هەیە بە نەخۆشییە دەروونى یان جەستەییەکان.

دکتۆر ( هانس سیلى ) یەکێکە لە توێژەرە بەناوبانگەکانى بوارى دراسەکردنى فشارە دەروونییەکان، دەڵێت گرنگ وەڵام دانەوەکانمانە بۆ فشارەکان، کە زۆرینەى کات نێگەتیفن. ئەم وەڵام دانەوانە بەشێوەیەکى ئاسایى کاتێک دروستدەبن ئەگەر فشارە دەروونییەکە و ئەو هەڵچونانەى لێى دروست دەبن ماوەکەیان درێژ بێت و مامەڵەکردن لەگەڵیان بەشێوەیەکى پۆزەتیفانە نەبێت، لەبەرئەوە ماندوبوونى دەروونى زۆرێک نیشانەى دەروونى و جەستەیى دروست دەکات و ئەگەر هەیە لەماوەیەکى درێژخایەنتر نەخۆشى ئۆرگانى ترسناک بەدیارخات.

نیشانە پێشبینى کراوەکانى ماندوبوونى دەروونى:

سستى و داهێزران، سەرئێشە، تێکچوونى گەدە، تێکچونى هەرس، بێخەوى، قژڕوتانەوە، ئازارى جۆراوجۆرى جەستەیى.

نیشانە مەترسیدارەکان:

پشت ئێشە، خەمۆکى، سکچوون، بەرزبوونەوەى فشارى خوێن، لاوازى ڕەپبوون لە پیاواندا، برینداربوونى گەدە، نەخۆشى شەکرە، سەرئێشەى توند.

ئەگەر ڕوبەڕوى پلەیەکى بەرزى ماندووبوونی دەروونى بوینەوە، وەڵامدانەوە جەستەییەکان بەم شێوەیە دەبێت:

تێکچونى هەرس، زیادبوونى لێدانى دڵ، بەرزبوونەوەى فشارى خوێن، زیادبوونى هەناسە، زیادبوونى ڕێژەى کۆلیسترول، پاشان خوێن ئامادەیى مەینى زیاترى تیادەبێت( لەبەرئەوەى جەستە مامەڵە لەگەڵ تەنگەژە دەروونییەکان وەکو مەترسییەکى جەستەیى دەکات ).

لە ڕوانگەى ئەو هۆکارانەى باسکرا، ماندوبوونى دەروونى درێژخایەن دەبێتە هۆى بەکاربردنى جەستە و لاوازکردنى سیستمى بەرگرى، ئەمەش وادەکات مرۆڤ زیاتر ئامادەباشى توشبوون بەنەخۆشى تێدابێت.

چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەى ماندوبوونى دەروونی:

1.وەرزش و جوڵە مایەى ژیاندنەوەى جەستەو ئاسودەکردنى هزرن، لەبەرئەوە گرنگە بزانیت چ وەرزش و جوڵەیەک زیاتر گونجاوە بۆت، بەشێوەى تاکى وەکو ڕۆیشتن بەپێ، بەکۆمەڵ وەکو فوتبۆڵ ئەنجامى بدەیت. پێویستە ئەم وەرزشانە بەشێوەیەکى ڕێکخراوبن و بەلایەنىکەم لەهەفتەیەکدا دووجار.

2.بیرکردنەوە و خاوبونەوە ( التامل و الاسترخاء ) یارمەتیدەرن بۆ ڕزگاربوون لە ماندوبوونى دەروونى یاخود کەمکردنەوەى.

3.وەرگرتنى کاتى تەواو بۆ خەوتن و پشوى ڕۆژانە. بەڵام دەروون نائارامەکان ناتوانن بخەون، لەگەڵ ئەوەى هەندێک لەخەڵکى خەوتن بە دوورکەوتنەوە لەکێشەکانیان دەزانن.بێخەوى بەهۆى شەکەتى دەبێتە هۆى زیاتر ماندوبوونى دەروونى و لاوازبوونى سیستمى بەرگرى.

4.هەناسەدانى قوڵ و هێواش بەیەکێک لەڕێگا چالاکەکانى خاوبوونەوە دەژمێردرێت، دەکرێت لە ماڵەوە، شوێنى ئیش، ناوئوتومبیل جێبەجێ بکرێت.

5.سود وەرگرتن لە پشوى کۆتایى هەفتە بۆ ڕەواندنەوەى ماندوبوون و ئەنجامدانى کارى خۆشى بەخش، نەک بۆزیاتر کارکردن و هەستان بەوئەرکە زەحمەتانەى ناوماڵ کە لە ماوەى هەفتەکەدا نەتوانراوە ئەنجام بدرێن.

6. ئەنجامدانى ئەو حەزانەى وازت لێهێناون بەپاساوى نەبوونى کات، لەبەرئەوەى هیوایەت و حەزەکان مایەى ئاسودەیى دەروون و هزرى مرۆڤن.

7. ژیان بەپەرۆشى زۆرەوە وەرمەگرە، هەوڵبدە زەردەخەنەو پێکەنین هەمیشە لە سیماتدا دیاربێت. ئەگەر ناتوانیت بەوشێوەیە بیت ڕاوێژ بە کەسانى تایبەتمەند بکە، لەبەرئەوەى تەندروستى خۆت لەسەرو هەموو شتێکە.

8. بەپێى توانا لە جگەرەکێشان و خواردنەوەى چا و قاوەى زۆر دووربکەوەرەوە،هەندێک کەس جگەرە دەکێشن بۆ کەمکردنەوەى ماندوبوونى دەروونى، بەڵام دەبێت بزانن بەچەند ساتێکىکەم کاریگەرى جگەرەکێشانەکە نامێنێت و ماندوبوونەکە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوە دەبێت بەشێوەیەکى تەندروست مامەڵەى لەگەڵ بکەیت.

9.پابەند بوون بەپەیڕەوێکى جێگیرى تەندروست بۆ خواردن، بەشێوەیەک پێکهاتەکەى هاوسەنگبێت لە کابۆهایدریەت، چەورى، پڕۆتین، خوێ. لەگەڵ جێبەجێکردنى ئەم پەیڕەوەدا دووربکەوەرەوە لە ژەمى خێرا و پڕ لە چەورى و خواردنەوە گازییەکان.

سەرچاوە: تۆڕەکانى ئینتەرنێت

ْْصه‌لاح حسن / چارەسازى دەروونى

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان

 

Free Web Hosting