لينكةكان
بةخيَربيَن بؤ مالَثةرِى زؤزان
       
        
لينكةكان
 

سیگمۆند فرۆید

سیگمۆند فرۆید (1856 - 1939) پزیشکێکى دەرونزانى نەمساوییە، دامەزرێنەرى پەیڕەوى دەرونشیکارییە، فرۆید یەکێکەلە گەڕیدە ھەرەمەزنەکان، لە مێژوى مرۆَڤــایەتیدا چەندان ناوچەى نەزانراوى ئاشکراکردوە، ئەو ناوچانەش پێش ئەو کەس پەى پێ نەبردوون، بەڵام جیاوازى ئەم لەگەڵ گەڕیدەکانى تردا ئەوەیە، ئەم ئەمریکاى خۆى لە ناخى مرۆڤـدا دۆزیەوە، نەک لە جوگرافیای دەرەکیدا، ئەویش مەبەستمان جیھانى نەستە، کە وەکو مۆزەخانەیەک بەشى ھەرە زۆرى یادەوەرى و ھەستە سەرکوتکراو و چەپێنراوەکانى ژیانى ڕۆژانەمان لەوێدا پاشەکەوت دەکرێت و لەکاتى پێویستدا سەر ھەڵدەدەنەوەو، دێنە پێشەوە، بەڵام ئەو کاتە پێویستانە چ کاتێکن؟ فرۆید دەڵێ لەکاتى شۆک وڕوداوە ‌ناخۆشەکان و جیھانى خەون و ھەندێ لە نەخۆشیەکاندا دێنەوە پێشەوە. گرنگى دۆزینەوەکانى فرۆید لەوەدایە کەھەمیشە بەدواى ئەو پرسیارەدا دەگەڕێت: بۆچى خەڵک بەم شێوەیە ڕەفتار دەکەن کە پێى ڕاھاتون؟

ژیاننامە

فرۆید لە مایسى (1856) لە خێزانێکى جولەکەى دەستکورتدا لە دایک بووە، پاشان خێزانەکەى لە دەستى ھەڵمەتى ھۆلۆکۆست (دژەسامیەت) ھەڵھاتون چون بۆ شارى (لێپزینگ)، پاشان دواى ماوەیەکى کەم لە ڤییەننا جێگیربوون و فرۆیدى تەمەن چوار ساڵە بەشى زۆرى تەمەنى خۆی لەو شارەدا بەسەر دەبات، ساڵى (1938)، نازییەکان نەمسا داگیر دەکەن و لەسەر ئەوەى جولەکەیە، زۆرى بۆ دەھێنن، ئەویش بە خۆیی و خێزانەکەیەوە ڕودەکاتە لەندەن و ھەر لەوێش دەمرێت.

شۆڕشى فرۆید لە کەسایەتى مرۆڤدا

ئەم ڕاپورتە ھەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە تیۆرە شۆڕشگێرێکەى فرۆید (سایکۆلۆژیایی شیکارى)، بەمەبەستى ئەوەى ئایا سایکۆلۆژیاى شیکارى ئایدیایەکى مەزنە لە بوارى کەسایەتیدا یاخود نا؟ ھەروەھا بنەما بنەڕەتییەکانى ئەم تیۆرە لێرەدا باسکراون، لەگەڵ باسکردنى بۆ چوونى شارەزایان لەم بوارەدا، ھەروەھا گەلێک ڕەخنە ئاڕاستەى تیۆرەکە کراون، باسکراون لەگەڵ لایەنە بەھێزو تۆکمەکانى تیۆرەکە.

ئەوەى پێویستە باسبکرێت، ئەوەیە کە سایکۆلۆژیاى شیکارى میتۆدێکە بۆ تێگەیشتن لە کارە‌ عەقڵیەکان و قۆناغەکانى گەشەکردن و بەرەو پێشچونیان، سایکۆلۆژیای شیکارى ھەوڵ ئەدات بۆ دۆزینەوەى پەیوەندى ئاڵۆزى نێوان عەقڵ و جەستەى مرۆڤ، تێگەیشتن لە ڕۆڵى ھەست و سۆزەکان لەگەڵ ئەمانەشدا سایکۆلۆژیاى شیکارى بناغەى گەلێک چارەسەرى ترە.

ئەوەى فرۆید کردى وەک شۆڕشێک وابوو لەکاتى خۆیدا، تەنانەت ئێستاش بەشێوەیەکى بەرفراوان قابیلى قبوڵکردنە لەلایەن زۆربەى قوتابخانە دەرونیەکانەوە.

ساڵی (1896) فرۆید زاراوەى (سایکۆلۆژیاى شیکارى) داھێنا، لەماوەى (40) چل ساڵی دوایشدا ھەموو ھەوڵى خۆى خستەگەڕ بۆ گەشە پێدانى (بنەماکانى، ئامانجەکانى، تەکنیکەکانى، ڕێگەکانى چارەسەرى سایکۆلۆژیای شیکارى).

زۆربەى نوسینەکانى فرۆید و بیرکردنەوەکانى تایبەتە بە ژیانى عەقڵ (MENTAL LIFE) و ڕاڤەکردنى خەون و تەکنیکى سایکۆلۆژیاى شیکارکردن لەگەڵ ھەندێ بابەتى تردا.

سایکۆلۆژیاى شیکارى بەردەوام بووە لە گەشەکردن و لە ساڵى 1925 گەیشتە لوتکەو ترۆپکى گەشەکردن و بووە بەربڵاوترین بزوتنەوەى جیھانى و فرۆیدیش بووە کەسێکى ڕادیکاڵى بەھۆى کارەکانیەوە بەماوەیەکى َزۆر کەم بووە ناودارتین ڕابەرى سایکۆلۆژیاى شیکارى، وە پاش مەرگیشى فرۆید کەلەپورێکى بێھاوتاى بۆ بەجێھێشتوین کەتا ئێستاش کاریگەرى بەردەوامى خۆی ھەیە.

بۆیە فرۆید پێی وایە سایکۆلۆژیاى شیکارى کاریگەرترین میتۆدە بۆ بەدەستھێنانى زانیارى لەبارەى عەقڵى مرۆڤەوە… وە لەڕێگەى سایکۆلۆژیاى شیکارکردنەوەیە، کە نەخۆش ئەتوانێت خۆی ئازاد بکات لە ئاڵۆزیە عەقڵیەکان و ڕێگەى تریش بگرێتە بەر بۆ تێگەیشتن لە خودو ئەوانیتر.

بنەماکانى تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى فرۆید

لە پەرتووکى (AN DUTLINE PSYCHOANALYSIS): 1- فرۆید ئەو بنەمایانەى ڕونکردۆتەوە کە تیۆرەکەى لەسەر بنیاتنراوە سەرەتا فرۆید باس لەھەر سێ ھێزى (ID- EGO- SUPER EGO) ئەکات، واتە (ئەو، من، منى باڵا).

2- فرۆید پێى وایە کە غەریزەکان چەند ھۆکارگەلێکى جۆراوجۆرن بۆ دروستکردنى ھەڵسوکەوت، گرنگترین دووغەریزەش لە ژیانى مرۆڤــەکاندا بریتین لە (ئیرۆس - ژیاندۆستى) و (ساناتۆس - مەرگدۆستى).

3- فرۆید پرۆسەى عەقڵى ناساندوە بەوەى کە لە دۆخى ئاگایدایە، یان لەپێش ئاگایدایە، یاخود لە دۆخى نائاگایدایە ( شعور، ماقبل الشعور، لاشعور).

ڕێگەکانى چارەسەرکردنى سایکۆلۆژیاى شیکارى بەچەند ھەنگاوێکدا تێئەپەڕێتت:

یەکەم: کۆکردنەوەى زانیارى لەڕێگەى دوانگەى سەربەستەوە (التداعى الحر)ەوە، ڕاڤەکردنى خەونەکان، ھەڵەى زمان لەلایەن نەخۆشەوە.

دووەم: لەو گریمانانەوە دەست پێدەکات کەچى بەسەر نەخۆشدا ھاتووە لە ڕابردودا، وەچى بەسەردێ لەژیانى ئێستایدا، دەرونشیکار پشت بەو زانیاریانە ئەبەستێت کەدواى تێبینى و چاودێریکردن بەدەستى ھێناون.. سەرکەوتن بەسەر ئەو بارە‌دا پێویستى بە ئارامگرتن ھەیە لەلاى ھەر یەک لە دەرونشیکارو نەخۆشەوە.

ھەڵسەنگاندنى ئەو ڕەخنانەى کە لە سایکۆلۆژیای شیکارى گیراون

ڕەخنە لە بارەى بەڵگەکانى فرۆیدەوە

(گروم باوم) کە یەکێکە لە سایکۆلۆژیستە نوێیەکان باوەڕی وایە، ئەو بەڵگانەى فرۆید تیۆرەکەى خۆی لەسەر بنیات ناوە ھەر لە بناغەوە تەواونین، تەنانەت بەڵگە ئیکلینیکیەکانیشى نەک جێگەى پرسیارن، بەڵکو جێگەى گومانیشن، چونکە ئەو بەڵگانە زیاترنین لە وەڵامەکانى نەخۆشەکە، بۆ پرسیار و پێشنیارەکانى باباى دەرونشیکار.

ڕەخنە لە تەکنیکەکانى فرۆید

دوانگەى سەربەست (التداعى الحر) ئەو ڕێگەیەیە کە لە سایکۆلۆژیاى شیکاریدا بەکاردێت، کاتێک کە نەخۆش قسەئەکات لە بارەى ھەربابەتێکەوە بێت، ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى دەرونشیکار بەندە بەو قسانەى کە نەخۆش ئەیکات. بەپێی لێکۆلینەوەکانى (ستۆر 1986) زۆر بەتوندى ئاماژەى بەوە داوە کە (تداعى الحر) نەئازادەو نەگونجاویشە بۆ تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى، وە (گروم باوم)یش دیسان پێی وایە کە ئەم ڕێگەیە وا لە نەخۆش ناکات یادەوریە خەفەکراوەکانى دەرببڕێت، لەبەر ئەوەى تا ئێستا ەیچ ڕێگەیەک نیە کە بتوانێت یادەوەریە ڕاستەقینەیەکان لە یادەوەریە خەیاڵیەکان جیابکاتەوە.

ڕەخنە لە بنەماکانى فرۆید

(پۆپەر)، یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕەخنەگرانى بوارى سایکۆلۆژیاى شیکارى، ئەڵێت سایکۆلۆژیاى شیکارى زانست نیە و ئەو پێشبینیانەى ئەم تیۆرەى پێناسراوە ناتوانین پێی بڵێین پێشبینى، چونکە ئەوانە پێشبینى ھەڵسوکەوتە، دیاردەکان نین بەڵکو پێشبینى بارە شاراوەکانى دەرونن. بۆ نمونە کاتێک کە تاکێک دەبینیت ناسراوە بە ھەندێ نەخۆشى نیرۆتیکى (عێابی) ناتوانین بڵێن ئەم مرۆڤە ئەم جۆرە یان ئەو جۆرە ژیانەى بەسەر بردوە لەکاتى منداڵیدا، کەواتە ەیچ کام لەم پێشبینیانە ناتوانرێت بە شێوەیەکى زۆر ورد بەدەست بێن. (ئێسینک) ئەڵێت: ڕوونترین بەڵگە لەسەر شکستى چارەسەرى فرۆیدى ئەوەیە کە ھەندێک ڕێگەى تر جێگەى تیۆرى فرۆیدیان گرتەوە بە شێوەیەکى سەرکەوتوو بۆ نمونە (چارەسەرى ڕەوشتى) (سلوکى).

ھەڵسەنگاندنى لایەنە بەھێزەکانى سایکۆلۆژیای شیکارى

1- تیۆرەکە مەزنە، چونکە زۆر لەو شتانەى کە خەڵکى بە گرنگیان ئەزانێت، تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى قسەى خۆى لەبارەیەوە کردوە.

2- سیفەتێکى زۆر گرنگ ئەوەیە تا ئێستا لەگەڵ تێپەڕبونى ڕۆَژگاردا بە زیندوی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا بە پێی بۆچونى فەیلەسوفانى بوارى زانست، ھەر تیۆرێک زیادەیەکى ھەبێت (اچافە) و تواناى گشتاندنى (تعمیم) ھەبێت ئەوا تیۆرێکى سەرکەوتوە، بۆیە شاراوە نیە کەسایکۆلۆژیاى شیکارى ئەم خاَڵانە لەخۆ دەگرێت.

3- تا ئەمڕۆش سایکۆلۆژیاى شیکارى باشترین ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنى نەخۆش لە نەخۆشیە عەقڵیەکان، قبوڵکردن و بڵاوبونەوەى سایکۆلۆژیاى شیکارى لەسەرەتاى سەرھەڵدانیەوە لەو سۆنگەیەوە بۆمان دەردەکەوێت کەچەندان دەزگاو ڕێکخراو کۆنفرانس بەستراون لەسەر بناغەى سایکۆلۆژیاى شیکارى، کەدەکرێت سەیرى تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى بکەین وەک تیۆرێکى نوێ خوازو شۆڕشگێر کەتا ئێستا بە زیندوى ماوەتەوە.

4- یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانى تر ئەوەیە، کە سایکۆلۆژیاى شیکارى وەک جۆرێک لە ھەوێن وابوو بۆ زۆربەى کارەکانى ترى بوارى دەرونزانى، بێگومان ئەگەر ئەم تیۆرە نەبوایە ئەوا زۆر دیاردە ھەبوو ھەر بە نادیارى ئەمایەوە، تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى ڕۆشنای خستە زۆر لایەنى عەقڵى مرۆڤ کەپێشتر فەرامۆشکرابوون، بۆیە وەک دەرئەنجامێک سایکۆلۆژیاى شیکارى ئێستا لەسەر تاسەرى دنیادا بڵاوەى بەخۆیەوە بینیوە.

5- لە بەھێزترین خاڵە پۆزەتیڤەکانى ئەم تیۆرە ئەوەیە کە دەتوانرێت وەربگیرێت (استعاب)، چونکە سایکۆلۆژیاى شیکارى ھەوڵ ئەدات بۆ شیکارکردنى چەمکە دەرونیەکان، وسروشتى گەشەى مرۆڤ و لایەنەکانى وەزیفەى عەقڵى مرۆڤ و، لەگەڵ ئەمانەشدا ھەندێ لەخاوەن ئەزمونەکان پێیان وایە کەسایکۆلۆژیاى شیکارى دەتوانێت ھەندێ دیاردەى دەرەوەى بوارى دەرونزانى پێ وەسفبکرێت وەک (ئاین، سروشتى سەرکردەو و شوێنکەوتوانى، وێنە کێشانى ەونەرى ….ەتد).

ھەڵسەنگاندنى گشتى سیستەمەکەى فرۆید

ئێمە دوو ڕەخنەى سەرەکیمان لە سیستەمەکەى فرۆید ھەیە، کە یەکێکیان فەلسەفیەو ئەویتریان زانستیە، لە ڕووى فەلسەفیەوە ئێمە ماتریالەکەى فرۆید ڕەتدەکەینەوە، فرۆید ھەموو وەزیفە بەرزەکانى مرۆڤ کورتدەکاتەوە، بۆ ئاستى ئاژەڵ، ئەو ەیچ جیاکاریەکى بنەڕەتى لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا ناکات، لاى فرۆید مرۆڤ ئاژەڵێکە تۆزێک پەرەى سەندوە، ئەوەى مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە بریتیە لە ئایدیا زانستى و ەونەرى و دینیەکانى، دەستکەوتەکانى ئەو تەنیا بریتین لە وەرچەرخاندنى پاڵنەرى سێکسى، بەشێکى گەورەى سیستەمەکەى فرۆید بەم تەدارەکە ماتریالستیە گەندەڵ بووە، کەوا دیارە بە شێوەیەکى نەستیانە کەوتۆتە ژێر کاریگەرى ئەو ژینگە ماتریالستەوە، کە فرۆیدى تێدا ژیاوە.

لە ڕووى زانستیەوە گەورەترین لاوازى فرۆید لەوەدایە، کە گشتاننێکى بێپاساوى مۆڵەق پێشکەشدەکات، فرۆید چاوێکى سایکۆلۆژى زۆر تیژى ھەیە، کەواى لێدەکات بتوانێت گرفتەکان بە شێوەیەکى وەھا شیکار بکات کە ەیچ کام لەوانەى پێش خۆى بۆى نەچوون، بەڵاَم بۆ بەدبەختى لە یەکدانە یان چەند بارێکى کەمەوە گشتاندنەکەى دەکات، ئەو لە نەخۆشیە نیرۆتیکیەکانەوە ھەندێک خاسیەت ھەڵدەھێنجێت و یەکسەر دەرئەنجامى گرێوگۆڵە دەرونیەکان، بەسەر ھەموو مرۆڤێکدا پیادەدەکات، ئەم گشتاندنە بەنسبەت عەقڵی زانستیەوە زۆر نامۆیە، ھەر ئەمەیە وایکردوە کەشتێکى تاڕادەیەک قورسە ڕەگەزە بەنرخەکانى ناو سیستەمەکەى فرۆید لە بێ بەھا یان ئەوانەى ماتریالەکەى تێکى داون، جیا بکەینەوە. دواى ئەوەى شەن و کەویان دەکەین و لە بیژنگیان دەدەین ژمارەیەکى زۆر لە ڕەگەزە بە نرخەکانمان بۆ دەمێنێتەوە، کە ەیچ قوتابیەکى سروشتى مرۆڤ ناتوانێت پشتگوێیان بخات.

لێرەوە دەڵێن فرۆید دژى عەقڵانیەت نیە، بەڵکو سەرلەبەرى بۆ عەقڵانیەت دەگۆڕێت، نەخشەیەکى نوێی پێ دەبەخشێت، ھەڵەیە گەر وابزانین پڕۆژەى فرۆید دژایەتیکردن وسوکایەتی پێکردنى عەقڵە، بەڵکو پڕۆژەى ئەو دروستکردنى جۆرێکى تازەى ڕوانینە کە لە بڕى ستایشکردن و پیاھەڵدان، بەناسینى کەم و کوڕی و تاریکیەکان دەسەڵاَتى گەورە دەکات، فرۆید بانگەشەى مۆدێرنەى برینداکرد، نەک لەبەرئەوەى دژایەتى مۆدێرنە دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەى تەکنیکێکى تازەى سەیرکردن بھێنرێتە ئاراوە کە ناچارمان دەکات بۆ تێگەیشتن و بەھێزکردنى شتێک لە دژەکەى بڕوانین، فرۆید گوتى؛ لە ھۆشیارى تێناگەین گەر نا ھۆشیارى نەناسین، خۆشەویستیمان بۆ ئاشکرا نابێت، گەر چاومان لەسەر ڕق نەبێت، ئیڕۆس ناناسینەوە، گەر غەریزەى مەرگمان بەجدى وەرنەگرتبێت.

بەڕاستیش لەکوێدا خەڵک خۆشەویستى دبینى، ئەو ڕقى ئەدۆزیەوە، لە کوێدا خەڵک ڕێزی باوک و دەسەڵاتیان ئەبینى، ئەو لە ململانێ و ڕکەبەرایەتیە شاراوەکان دەدوا.. لە کوێدا خەڵک تەندروستى ئەدۆزیەوە، ئەو باسى لە پەشێویە دەرونیەکان دەکرد.

(میشیڵ فۆکۆ) لە نوسینێکدا فرۆید لەگەڵ مارکس و نیچەدا بە دامەزرێنەرانى تەکنیکى تازەى ڕاڤەکردن دادەنێت، ئەو دەنوسێت (فرۆید، مارکس، نیچە) بەڵگەیەکی تازەیان بە جیھانى ڕۆژئاوانەدا، واتایەکی تازەیان بەوشتانە نەبەخشى کە واتایان نەبوو، بەڵکو سروشتى دەلیل و ئەو چۆنایەتیانەیان گۆڕی کە دەشێ بەھۆیانەوە دەلیلەکان ڕاڤەبکەین، یەکێک لە خەسڵەتەکانى ئەم تەکنیکە بریتیە لە بەردەوامى و ڕانەوەستان بەڕاستیش ەیچ میتۆدێک ھێندەى دەرونشیکارى تەفسیرو ڕاڤەکردنى جیاوازو ھەمە ڕەنگى بەرھەم نەھێناوە، ناوى ئادلەرو ڕایش و ئەریک فڕۆم و مارکیۆز تادەگاتە جاک لاکان بەسە بۆ ئەوەى دەوڵەمەندى و ھەمەڕەنگى میتۆدەکانى فرۆید ئاشکرا بکات، ھەروەھا کەم میتۆدیش ھێندەى دەرونشیکاری بوارە جیاوازەکانى بیرى مرۆڤایەتى ناچارکردوە بڕێکى زۆر لە چەمک و زاراوەکانى بەکاربھێنێت، لە ڕەخنەى وێژەى و کۆمەڵناسی و فەلسەفیەوە بگرە تا زانستى ڕامیاری و ئەنسرۆپۆلۆژیا.

کێشەکە لێرەدا ئەوە نیە ئایا تێگەیشتنەکانى فرۆید بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە، تێگەیشتنێکى ڕاستن یان ھەڵە، بەڵکو ئەوەى گرنگە و دەبێت ھەمیشە لەبەر چاومان بێت کەھەرگیز لە کێشەکانى مرۆڤ و کۆمەڵگە تێناگەین، گەر بە وێستگەکانى فرۆیدا تێنەپەڕین.

لە کۆتایدا دەڵێین کەلتورێک کە ھێشتا فرۆیدى بە وردى نەناسیوە و پەرتووکەکانى وەرنەگێڕاوەو سەر قاڵی وتووێژى تێزەکانى نەبووە، ئەوا لە فەرھەنگ و کەلتورێکى لەم چەشنەدا فرۆید دەتوانێت ھەمیشە پرسیارى گرنگ و ئاسۆیەکى فراوانى وتووێژبێت لەسەر مرۆڤ، خێزان، پەروەردە.

ئەم تۆزە قسەیەش ھەوڵدانێکە بۆ نزیکبونەوە لە ناسینى بیریارێک کە کەمترین شت لە بارەیەوە بڵێین ئەوەیە، کە یەکێکە لە بیریارە مەزنەکانى مۆدێرنە.

Free Web Hosting